Posted On: May 2nd 2026, 08:08 pm
دارەدەستە
بەرەبەیانێکی ناسک ، نەرم
بە ڕەنگە سروشتە خۆڵەمێشکەی
لەتاودانی زەردی زێڕینی خۆرهەڵاتەوە،
هێشتا خۆری لاواز لەودیوو تەلارە
هەوربڕەکان خۆی مەڵاس دابوو
بۆخوسانەوەی مەزرایەکانەوە ،
ئیتر ڕوانین و تێفکرینم لە پەنجەرەی
ئەم بەندیخانەوە سودی چیە
جگە لە هەندێ بیرەوەری یاخی ،
سەیری ئەو مێش و مەگەزە برسیانەم ئەکرد
لە سەر شوشەی پەنجەرەکان لێیان ئەڕوانیم ،
تۆ بڵێ ی ئەم مێشولە خوێن مژانە
دەستە و تاقمی کام گەرەك و
کام مەزرای ئەم شارە بن ؟
رۆحم خەریکی پیتاندنی گەرد بوو
ئەڵهای بیستنی پەیامێکی بوێر بوو ،
هەنسکی شەوانم بۆبەیانیەکی
فرەڕەنگــی دور لە لێڵی بوو ،
بەڵام هێشتا ئاتاجی دوو گوێی لەقم
بۆشیکردنەوەی ئەو مەتەڵانەی کە
لەدەمی فس فس پاڵەوانەکان ئەیبیستم ،
من هێشتا ئاتاجی دوو چاوی ساغم
بۆپێشوازی ئەو حاجیانەی بۆزیارەتی
کوێستانەکانم بە زیکە زیکی زیکریان
وەک هەنگ خەریکی دزینی خونچەن ،
من بە بازووێک و لەپێکی سستەوە
بە قوتیەک ئاوێتەو خامێکی پیرەوە
تەنها خەریکی بەرگری کردنم لە کەلەپورەکانەوە ،
ژێی دەنگم قەوزەی گرتووە
هێزی بازوو و پەنجەم سست بووە
ئەندێشەی ماندووم لەنگەری گرتووە ،
وەك دارەدەستەیەك چیترم نەگوتووە .
قلــــــێ ✍️
٢ / ٥ / ٢٠٢٦ _ هەولێر